Halabja Disabled Organization (HDO)

پانێڵێك بە ناونیشانی "ڕۆڵی بەرپرسانی حکومی و ڕێکخراوەكان و گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پشتگیریکردنی گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١" بەڕێوەچوو.

پانێڵێك بە ناونیشانی

ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە و تۆڕی پاراستنی هەڵەبجە، میوانداری پانێڵێکی کرد لە 20.10.2022، لەسەر (ڕۆڵی بەرپرسانی حکومی و ڕێکخراوەكان و گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پشتگیریکردنی گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١).

 

پانێڵەکە لەلایەن بەڕێز (ڕاستگۆ عادل) ڕێکخەری پڕۆژەكان لە ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە بەڕێوەبرا.

گفتوگۆکە بە پێشکەشکردنی کورتەیەک لە پرسەکانی تایبەت بە مافی كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەستیپێکرد، کە بە شێوەیەکی سەرەکی تیشک خرایە سەر ستراتیژیەتی ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە بۆ جێبەجێکردن و داکۆکیکردن لە مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت. هەروەها، پانێڵستەکان باسیان لە ڕۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بەرپرسانی حکومی کرد لە جێبەجێکردنی مادە و یاسا پەیوەندیدارەکان بۆ پشتگیریکردنی گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەرەوپێشبردنی تواناکانیان.

پانێڵستەکان بریتی بوون لە:

خاتوو نیان عەزیز لە ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە تیشكی خستە سەر کار و پلان لە جێبەجێکردن و داکۆکیکردن لە مافی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ڕۆڵی ڕێكخراو لە پشتگیری گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

بەڕێز ئەرسەلان عابد سەرۆكی تۆڕی ڕێکخراوەكانی هەڵەبجە دەربارەی ڕۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە پاڵپشتیکردنی گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

خاتوو چیمن محەمەد بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی تاوتوێی پشتگیریكردنیان بۆ گەنجانی خاوەن پێداویستی تایبەت و كارەكانی بەڕێوبەرایەتیەكەیان کرد.

بەڕێز جیهاد كه‌ریم له‌ بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە، پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای ژماره‌ 22ی ساڵی 2011 له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ روون كردەووە.

ئەم پانێڵە لەلایەن ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە بە هاوبەشی  Un Ponte Per(UPP) بە سپۆنسەری UNDP و بەهەماهەنگی حکومەتی عێراق و بە پاڵپشتی دارای یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی پڕۆژەی "حیوار" جێەجێدەکرێت

کاتى بڵاوکردنەوە   08-01-2023
چالاکى